هەوڵەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی بایدن بۆ نەگەڕانەوە بۆ بەرجام درێژەی هەیە.
ئێلیۆت ئابرامز، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆکاروباری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین مەترسی و پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندایە و ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێکی توندڕەو و دڕندە بەرەوڕووین کە یاساکانی نێونەتەوەیی پێشێل دەکا، بۆیە ئێمە ناهێڵین هیچ کات دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا.
ئابرامز پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە وتووێژەکانی خۆی و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکا لەگەڵ تیمەکەی جۆ بایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێراوی ئەو وڵاتە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێککەوتنی گەمژانەی بەرجام دەستی پێکردووە.
ناوبراو لە مانگی پێشوودا ڕایگەیاند کە گەمارۆکان لە سەر ڕێژیمی ئێران وەک خۆیان دەمێنێتەوە و داوای لە جۆ بایدن سەرۆککۆماری هەلبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی بەردەوام بێ و ئەوەشی زیاد کرد کە وتووێژکردن و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی لە گەڵ ئەو ڕێژیمە کارێکی هەڵەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەروا پەرە بە سیاسەتی”ئەوپەڕی گوشار” بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەدا و لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز گەمارۆی خستە سەر دوو کەسی دیکە لە بەرپرسانی پلەی بەرزی وەزارەتی ئیتلاعاتی بە ناوەکانی محەممەد باسری و ئەحمەد خەزایی، کە دەستیان هەبووە لە ڕفاندنی باب لۆینسۆن کە لە ئێران بێ سەروشوێن کرابوو.