کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی بریتانیا لە ڕاستای پێکهێنانی سەقامگیرییەکی پتەو لەو وڵاتەدا، گەڵاڵەیەکی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە.
ئەو کۆمیتەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو گەڵاڵەیە ڕادەستی دەوڵەتی بریتانیا دەکات کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە بە تەواوی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێنێت.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی بریتانیا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، پشتیوانیی بەردەوام و پێداگریی ئەو ڕێکخراوە لە هێز و گرووپە تێرۆریستییەکان کە لە ڕاستای تێکدان و لاوازکردنی سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکەدایە، وەکوو بەڵگە هێناوەتەوە.
ئەو کۆمیتەیە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە فەلسەفەی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەوڵە تێکدەرانەکانی لە جیهان، لە دژی بەرژەوەندییەکانی بریتانیا و ئاشتی و ئاسایشی جیهانە.
دەستێوەردان و هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ئەو پێوەرانەی کە لە یاسای بەرەنگاری لەگەڵ تێرۆریزم لە ساڵی “٢٠٠٠” لە بریتانیا پەسەند کراوە، هاوشێوەن.
جێی ئاماژەیە کە، پێشتریش ئەمریکا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە.












