ئەمریکا دوو مانگ دوای راگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پێوەندی نێوان سوودان و ئیسرائیل، بەفەرمی ناوی وڵاتی سوودانی لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکەن، سڕییەوە.
باڵوێزخانەی ئەمریکا لە “خارتووم” پێتەختی سوودان، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەستووری سڕینەوەی ناوی سوودانی لە لیستی تێرۆریزم واژۆ کرد.
عەبدوڵڵا حەمدۆک سەرۆکوەزیری حکوومەتی کاتیی “خارتووم” ڕۆژی دووشەممە لە تویتێری خۆی نووسیەتی؛ وڵاتەکەی دوای ٣دەیە لە گۆشەگیری نێونەتەوەییەوە، بەفەرمی بۆ نێو کۆمەڵگەی جیهانی دەگەڕێتەوە.
حەمدۆک ئەوەشی زیاد کرد کە، ئەم دەسکەوتە بۆ نەتەوەی ئێمە دەرفەتگەلێکی زۆری لەبارەی گەشەسەندنەوە بە دواوەیە.
بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سوودان، مانگی ڕابردوو هۆشدارییان دابوو، کە ئەگەر ئەم وڵاتە تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ناوی لە لیستی ڕەشی تێرۆریستیدا پاک نەبێتەوە، لە بڕیاری خۆیان لەبارەی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل پاشگەز دەبنەوە.
شایانی باسە کە، سوودان سێهەمین وڵاتی دوای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین بوو، کە ٥٢ ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند کە، ئامادەی ئاساییکردنەوەی پێوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل.
جێگای ئاماژەیە ناوی سوودان ٢٧ساڵ لەمەوبەر و لە پێناو پشتیوانیکردنی “عومەر ئەلبەشیر” سەرۆکی ئەوکاتی سوودان لە “ئەلقاعیدە” و حەشاردانی “ئوسامە بنلادن”، لەلایەن ئەمریکاوە کەوتە لیستی تێرۆرەوە.