کرێکارانی بەنداوی شنۆ، شارەداریی ئیلام، شارەداری خوڕرەمشار و پێترۆشیمی مرواریدی عەسەلوویە، لە هەمبەر پێنەدانی حەقدەستی مانگانەی خۆیان ناڕەزایەتییان دەبڕی.
کرێکارانی بەنداوی “چەپەراوێی” شاری شنۆ، ماوەی ٤ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و بەرپرسی ئەو بەنداوە هەڕەشەی دەرکردنیانی لێکردووە.
یەکێک لە کرێکارانی ئەو بەنداوە وتی: “پاش دواکەوتنی مووچەی ٤ مانگی کرێکاران، خاوەنکاری بەنداوی چەپەراوێ هەڕەشەی دەرکردنی لێکردووین و ئێمەش بەهۆی ئەوەیکە بێکار نەبین، بە ناچاری درێژە بە کارکردن لەو بەنداوە دەدەین کە سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکانمان، ئێمە بیمە نەکراوین و بەشێک لە کرێکارانی ئەو بەنداوە بە شێوەی گرێبەستیی کار دەکەن”.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی سەرماوەز، کرێکارانی شارەداریی شاری ئیلام بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٣ مانگیان لەلایەن شارەدارییەوە، لە بەردەم بینای دادگوستەریی ئەو شارە کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە
هەواڵدەریی “ئیلنا” لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە کە حیسابە ماڵییەکانی شارەدایی ئیلام، بەهۆی سکاڵاکەری تایبەت (شاکی خصوصی) داخراوە و پارەی ئەو کرێکارانە نەدراوە
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز بەشێک لە کرێکارانی پارک و شوێنە گشتییەکانی شاری خوڕەمشار لە بەر درگای فەرمانداری ئەو شارە کۆبوونەوە و بەشیک لە کرێکارانی پڕۆژەی پێترۆشیمیی مروارید لە شوێنی کارەکەیان، بەشێک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شادگان لە بەر دەم درگای ئەو ئیدارەیە کۆبوونەوە و داوای حەقدەست و مووچەکانیان لە بەرپرس و خاوەن کارەکانیان کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا بەشێک لە خاوەن هۆڵ وتالارەکانی تاران، بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و داخرانی تالارەکان و دۆخی خراپی ئابووری لە بەر دەم وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم کۆبوونەوە و داواکاری پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان بوون