مەلا محەممەد گۆمانی، کە سایەتیی ئایینی وپێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، مەلا”محەممەد گۆمانی” ناسراو بە مەلا “چەتە” خەڵکی ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت و کەسایەتیی ئایینی و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە تەمەنی ٧٢ساڵیدا لە شاری “لینشۆپینگ “لە وڵاتی سوئێد بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لە ساڵەکانی ١٣٤٢ تا ١٣٤٧ی هەتاوی کاک “مەلا محەممەد” بە فەرمیی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و پێداویستییەکانی ئەو کاتی کادرەکانی حیزب درێغی ناکا و بە هەموو تواناوە یارمەتیدەری ئەو پۆلە لە کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات دەبێ.
کاک مەلا محەممەد، بە هۆی هەڵسووڕان و کاری حیزبییەوە لە لایەن ساواکەوە دەسبەسەر دەکرێ و لە زیندان دا وەک لاوێک، هەستی نیشتمانپەروەری خۆی زیاتر نیشان دەدا و لە گەڵ کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان زیاتر لە ڕاوێژدا دەبێ و زیندان دەکاتە مەکۆی فێربوون و ئاشنابوون بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی.
کاک مەلا محەممەد نزیک بە چوارساڵ لە زیندانەکانی رێژیمی پەهلەویدا مایەوە و لەگەڵ راپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران، ناوبرا دەبێتە کەسێکی دیاری نێو کۆڕو کۆبوونەوەکان و دوای ڕووخانی رژێمی پاشایاتی لە یەکەم پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەردەشت و ڕێکخراوی میراوێ دەبێ و لە دەورەی بەشی قەزایی و کۆمەلایەتیدا بەشداری کرد و ساڵانێکی زۆر وەک کادر و پێشمەرگەی حیزب لە کۆمیتەکانی میراوێ و کۆمیتەی “دم چۆم” لە ناوچەدا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لە چەندین شەڕی ناوچەی سەردەشتدا بەپێی توانای خۆی بەشداری دەکا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکرتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک مەلا”محەممەد گۆمانی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.