ئێلیۆت ئابرامز نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، گوتی: سەرەڕای ئەوەیکە زۆربەی گەمارۆکان پێوەندی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، بە دڵنیاییەوە کە دەولەتی “بایدن” دەسەڵاتی ئەوەی نییە تەواوی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران هەڵبگرێتەوە.
ئابرامز ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێک لەگەڵ “تایمز ئاڤ”ی ئیسرائیل گوتی: بەرپرسانی دەولەتی ترامپ لەگەڵ تیمی جۆ بایدن کۆبوونەوەی جۆراوجۆریان پێک هێناوە و لە هەوڵی ئەوەدان تیمی دەوڵەتی داهاتوو ڕازی بکەن کە ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە ڕێککەوتنی چەكی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبوو، لە دۆخی ئێستادا هیچ ڕۆڵێکی نییە.
ئابرامز بە ئاماژە بە کوشتنی موحسین فەخریزادە، ئەندامی پلەبەرزی سپای پاسدارانی ڕێژیم، گوتی: هیچ کەس وەکوو ناوبراو شارەزایی و زانییاری تەواوی لەسەر بەرنامەکانی ناوکی و مووشەکی نەبووە و لە ئێستادا چالاکییەکانی ناوکی ئێران لە نەبوونی فەخریزادەدا بەرەوپێشچوونێکی زۆر لاوازتری هەیە.