دەزگای هەواڵگریی تورکیە ڕایگەیاند کە ١١ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیمی ئێران و دەستهەبوون لە ڕفاندنی دژبەرێکی کۆماری ئیسلامیدا لەو وڵاتە دەسبەسەر کردووە.
دوابەدوای ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەد، سکرتێری پێشووی بزووتنەوەی “عەرەبی ئەلئەهواز” و گواستنەوەی بۆ ئێران، دەزگای هەواڵگریی تورکیە {میت} ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەسپێکردووە و تا ئیستا ٢٠هاووڵاتی ئەو وڵاتەیان بە گومانی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژنامەی “سەباح”ی تورکیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی رایگەیاند کە، دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە، ١١کەس کە سەربە گرووپی قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکانی “ناجی شەریفی زیندەشتی” بوون و دەستیان لە ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەد هەبووە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست” ڕۆژێ پێشتر لەزاری بەرپرسێکی پلەبەرزی تورکیەوە ڕایگەیاندبوو کە، پیلانی ڕفاندنی ئەو کەسایەتییە دژبەرەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو وڵاتە، بە فەرمانی ناوەندەکانی “ئیتلاعات”ی ڕێژیم و لە ڕێگەی گرووپێکی قاچاخچی بە ناوبانگی مادە هۆشبەرەکانەوە جێبەجێ کراوە.
بەپێی راگەیاندنەکانی تورکیە، ئەسیوەد بە فێڵ لە ڕێگەی ژنێکەوە کە پێشتر هاوژینی خۆی بووە، لە سوئێدەوە بەرەو تورکیە گەڕاوەتەوە.
بەپێی هەردوو ڕاپۆرتەکە، حەبیب ئەسیوەد ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی دوای گەیشتنی بۆ وڵاتی تورکیە و لە لایەن ژنێکەوە کە ڕۆژێک پێشتر لە ئێرانەوە بۆ تورکیە سەفەری کردبوو، ڕفێنرا و لە ڕێگەی قاچاخچییەوە نێردراوە بۆ ئێران.
هەروەها واشینگتۆن ئەوەی خستەڕوو کە، ئەو دژبەرەی ڕێژیمی ئێران دوای ئەوەی کە چوو بۆ لای ئەو ژنە لە وێستگەیەکی بێنزین، لە ناوچەی “بیلیک دووزو” لە شاری ئیستانبول کە شوێنی چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ ئەو ژنە ئێرانییە بوو، لەلایەن گرووپێکی ڕفاندنی مرۆڤ و بە ماشێنێک بە دەست و پێ بەستراوی گواستیانەوە بۆ پارێزگای وانی باکووری کوردستان.
هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناجی شەریفی زیندەشتی، قاچاخچی بەناوبانگی مادە هۆشبەرەکانە لە ولاتی تورکیە کە سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانیشە، ئەو چالاکە سیاسییەی لە پارێزگای وانەوە بەرەو ئێران گواستۆتەوە.
شایانی باسە” ڕۆحوڵڵا زەم” کە لەمڕۆژانەدا لە ئێران لەسێدارە درا هەر بەو شێوەیە و لە لایەن ژنێکەوە بانگهێشتی عێراق کرابوو و پاشان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەو وڵاتە دەسبەسەر و بۆ تاران گوازرابووەوە.












