جەلال پیرۆتی، چالاکێکی سیاسیی کورد ، لە وڵاتی یونان دادگایی کرا.
بەپێی هەواڵی بە چاونیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، جەلال پیرۆتی، چالاکی سیاسیی کورد ، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٩دا، لەسەر داوای ئێران دەسبەسەر و بڕیار بوو ڕادەستی ڕیژیمی ئێران بکرێتەوە لە شاری “سالۆنیک”ی یونان دادگایی کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند کە پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا و بەرگریی بوێرانەی پارێزەرەکانی، بێ ئەوەی هیچی لەسەر بسەلمێنرێ و بڕیاری لەسەر بدرێت، لەسەر داوای فەرمیی ڕێژیمی ئێران بەرەو بەندیخانەی شاری سالۆنیک لە یونان گەڕێندرایەوە.
جەلال پیرۆتی، لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بە مەبەستی پەڕینەوە بەرەو ئورووپا لە وڵاتی تورکیەوە دەگاتە وڵاتی یونان و بۆ بەڕێوەچوونی کارە یاساییەکانی، خۆی ڕادەستی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەکا بەڵام لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆری بێ بنەما هەوڵ دەدرا کە حکومەتی یونان دیپۆڕتی بکاتەوە.
پێویستە بگوترێ کە بە هەوڵی بەشێک لە کوردانی دڵسۆزی نیشتەجێی وڵاتی یونان و هەروەها ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕادەستکردنی ئەو چالاکە سیاسییە بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بێئاکام ماوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مەترسییە لەسەر ناوبراو هەروا لەئارادایە.
شایانی باسە کە “جەلال پیرۆتی” خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بوون.
ناوبراو لەبەر زەبروزەنگی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی ٩١ی هەتاوی، بەناچار کوردستان بەجێ دێڵی و بە تەمای گیرسانەوە لە وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتدا وێڕای کچە ١٧ ساڵانەکەی ڕوو لە تورکیە و پاشان یونان دەکا.