کامیل ئەحمەدی، توێژەری کورد و هاوڵاتیی ئێرانی – بریتانیایی کە ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی ٨ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، کامیل ئەحمەدی نووسەر و لێکۆڵەری کورد لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی ”هاوکاری وڵاتێکی دژبەری ئێران“ حوکمی ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری “ئەحمەدی” لە لاپەڕەی تویتێرەکەی خۆی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە و “کامیل ئەحمەدیش” لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویە کە ئامانجی ئەم حوکمە ڕێگریکردنە لە پێوەندی من لەگەڵ کۆمەڵگە بە مەبەستی ڕاگیرانی توێژینەوەکانم لە بارەی کمینەکانەوە.
کامیل ئەحمەدی رۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و پاش ١٠٠ ڕۆژ بەندکران بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو و لە ماوەی ئەو ١٠٠ ڕۆژەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
شایانی باسە کە “کامیل ئەحمەدی”، توێژەری کوردی خەڵکی شاری نەغەدە و هاوکات هاوڵاتیی وڵاتی بریتانیایە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و بواری کۆمەڵایەتی و بوارەکانی پێوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، کۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا پێشینە و ئەزموونی زۆری هەیە.












