ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێشبینیی ئەوەی کردووە کە لە بوودجەی ساڵی داهاتوو، دەوڵەت لەگەڵ ٣٢٠ هەزار میلیارد تمەن کەمیی بوودجە بەرەڕوو دەبێت و داوای لە مەجلیس کردووە کە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠ ڕەت بکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بوودجەی ١٤٠٠ کێشەی سەرەکیی هەیە و لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوو سەتا٦٠ی تێچووەکانی ئێستا هەڵکشاوە، هەروەها بەستراوەیی ئەم بوودجەیە بە نەوت سەتا٣٠ بەرز بۆتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندەی ڕێژیم، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە گەڵاڵەی بوودجە پشتی بە سەرچاوەی ناڕاست بەستووە و ئەمە دەتوانێت هەڵاوسانی توندی لە ساڵانی داهاتوودا بە دواوە بێت.
لە پێوەندی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە بوودجەی پێشنیارکراو، ”حەسەن ڕوحانی” سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، مەجلیسی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گەڵاڵەی بوودجەیان ئارشیڤ کردووە و شەپۆلی گەڵاڵەی جیاوازیان وەڕێخستووە و ڕێگایان نەداوە کە کاری هاوبەش لەنێوان دەوڵەت و مەجلیس ئەنجام بدرێت.
جێی ئاماژەیە کە، زۆرێک لە کارناسانی ئابووریی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بە کارەساتێکی ئابووریی ناوبردووە.