ئەندامانی چالاکیی نێوخۆی وڵات بۆ پێشوازیی لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان چالاکێیەکیی بەربڵاوی تەبلیغییان لە شاری بانە بەرێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لایەنگران و ئەندامانی ئازا ودڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان لە شاری بانە بەڕێوە برد.
سەرەڕای میلیتاریزە کردن و گوشاری زۆری هێزەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەر خەڵکی شاری بانە لەمڕۆژانەدا، ئەندامانی بوێری حیزب لەو شارە بە بڵاوکردنەوەی تراکت ونووسینی دروشمی حیزبی و شۆڕشگێڕی لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی شار وەکوو: شەقامی سپیدە، مزگەوتی دارولئیحسان، شەقامی تەرخاناوا، مزگەوتی شەمسی، باشگای سەفەری، چوارڕێیانی تەرخاناوا، پشت تەکیەی خەلیفە ڕەزا، مزگەوتی حاجی کافیە و پشت مزگەوتی فەتاح، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە تایبەتیی کرد.
لە لایەن تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لەو هاوڕێیە بە ئەمەگ و چاونەترسانەمان لە شاری بانەی خۆڕاگر و هەمیشە دێموکرات ، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامبوونیان لە ئەرکەکانیان بۆبە ئاوات دەخوازین.