کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، ئایینی، سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا بە ڕەخنە گرتن لە شێواز و ڕەفتاری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوایان کرد کە کۆتایی بە ڕق و دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیاندنەوە بێنن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی ئایینی و رۆژنامەنووسانی کوردستان هاتووە کە هەڵەی ڕاگەیاندنێک کە لە شێوەی بێڕێزیی بێت و بەردەوام دووپات و ئامانجدار لە سەر زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەک کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بکرێتە ئامانجی هەڵەی ڕاگەیاندن، ئەوە پرۆژەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، ئامانجدارە.
ئەم شێوە بێحورمەتی و ئاژاوە گێڕییانە لە لایەن ڕاگەیاندنێک کە خۆی بە مڵکی هەموو خەڵکی ئێران دەزانێ وئەو بوودجە زەبەڵاح و سەرسووڕهێنەرەی ئەو ناوەندە چەواشەکارییە لەڕێگەی وەرگرتن لە هاووڵاتیان دابین دەکرێ، زوڵمێکی ئاشکرا و نەبوونی ڕەوشت و دوورە لە پڕەنسیپەکانی ڕاگەیاندن.
ڕاگەیاندنێک کە ڕوانین و بیرکردنەوەی دابەشکردنی هاووڵاتییان بە “خۆیی و بێگانە” بێ ، چاوەڕوانیی لەوە باشتری لێناکرێ کە هەر جارە و خەڵکانێک دەکاتە ئامانج و بێڕێزییان پێ دەکات، نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵدا بوونەتە قوربانیی ئەو تێڕوانینە.
ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکی مەدەنی، سیاسی، ئایینی و ڕۆژنامەنووسی کوردستان، داوا دەکەین دەبێ ئەو ڕاگەیاندنە کۆتایی بە ڕەوتی بێڕێزی و ڕق و دژایەتی بێنێ و پێویستە سەرۆکی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لێبوردن لە نەتەوەی کورد بکات.
شایانی باسە کە لە درێژەی بێڕێزیکردنەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆ لە کاناڵی ٢ی ئێران، درۆیەکی گەورە و بێڕێزییەکی زۆر لە زمان کەسێکی نەناسراوی ڕێژیمەوە بە خەڵکی کوردستان کراوە و ئەم جۆرە دەربڕینی ڕەق و بێزارییە لە کاناڵێکی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دژایەتیکردنی ئاشکرای خەڵکی کوردستانە و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە درۆگەلە دوورە لە پرنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن، هەرچەند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوورە لە هەموو پرەنسیپ و ڕێسا و یاسایەکی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانی و ئەخلاقی.
جێگای ئاماژەیە کە حەوتووی ڕابردوو فڕۆکەوانێکی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی”انتهای الوند” کە لە کاناڵی ٢ی ئێران بڵاو بووەوە گوتی: لە ماوەی شەڕ لە کوردستان هێندێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیانگوت گۆشتی فڕۆکەوانی کوبرا بە کیلۆیەک ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕین، کە ئەمە درۆیەکیی حاشاهەڵنەگرو بێبنەما و گەمژانەیە کە ئەگەر تۆزێ سەرنج بدرێ بە ڕاستییەکان و بەراوردێکی ئەو ساڵانە و ئەو ڕاددە پارەیە بکرێ لانیکەمیی بوودجەی نیوەی ئێرانە لە ساڵیکدا.
جیا لەمانەش مێژوو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە و خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ماوەی شەڕ لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا هیچ یاسا و ڕێسا و پرەنسیپێکی مرۆیی و نێونەتەوەیییان پێشێل نەکردووە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵسوکەوتەکانی جێگای شانازی خەڵکی کوردستانن و چەکدارانی ڕێژیمیش کە لە داگیرکردنی کوردستاندا بەشداربوون و لەدژی خەڵکی کورد شەڕیان کردووە باش دەزانن کە پێشمەرگە بە ئەخلاقترین و مرۆڤانەترین هێزی شەڕکەرە بووە و دەبێ.