لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کچ لە ورمێ و کرماشان لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و کوڕێکیش بە دەستی باوکی لە ورمێ کوژراوە.
چەند ڕۆژ پێش کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “زەهرا ئیسماعیلی” خەڵکی گوندی “باوان” سەر بە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، پاش چەند ڕۆژ لە خۆسووتاندنی، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەم هاووڵاتییە چەند ڕۆژ پێش بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی سووتاندبوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کرابوو کە بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لە دەستدا.
لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “نەسرین جەلیلیان” تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “هەرسم” سەر بە ناوچەی شابادی کرماشان، لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا تا ئێستا لە هۆکاری خۆکوژیی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
هەر وەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز، کچێکی ١٥ ساڵە خەڵکی گوندی “کانێ ڕەش” لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ بە ناوی ڕووناک عەزیزوەند، خۆی سووتاند و کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕووناک عەزیزوەند لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لەگەڵ کەسێک ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بە هۆی کێشەی خێزانی و ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری ورمێ کوڕێکی گەنج لە خەودا بە دەستی باوکێکی دەکوژرێ و براکەشی بە سەختی بریندار دەبێ.
بەرە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز، لە گوندی “مەنسوورئاوا” لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، باوکێک لە کاتێک کە کوڕەکانی لە خەودابوون دوو کوڕەکەی خۆی دەداتە بەر دەسترێژی گولـلە و لە ئاکامدا یەکیان گیانی لە دەست دەدا و ئەوی دیکەشیان بە سەختی بریندار دەبێ و لە نەخۆشخانە لە ژێر نەشتەگەریی دایە.
شایانی باسە کە دوای ئەوەی کە دو کوڕەکەی خۆی دەداتە بە دەستڕێژ لە ماڵێ هەڵدێ و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنوری زێوە دەسبەسەر دەکرێ و
هەتا ئێستا هۆکاری ئەو کوشتنە ڕوون نییە و هیچ زانیارییەک لەو بارەوە لە بەر دەست دا نییە.