مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەوڵی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە مەحکووم کرد و گوتی: ئەم هەوڵەی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە، گوشاری دیپلۆماتیک و ئابووری و گۆشەگیرکردنی ئەو ڕیژیمەی لێ بکەوێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەدا دەڵێ: ئەمریکا ئەو یاسایەی کە لەلایەن مەجلیس و شووڕای نیگابانی ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کراوە، محکووم دەکات.
ناوبراو ئەم یاسایەی بە نوێترین فڕوفێڵی ڕێژیمی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەی ناوکیی خۆی بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی جیهانی ناوبرد.
پۆمپێئۆ باسی لەوە کردووە کە ئەم یاسایە ئەگەر بەڕێوە بچێت، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئێران پیتاندنی ئورانیۆم تا سەتا٢٠ کە ڕێژەیەکی مەترسیدارترە پەرە پێبدات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستاشدا ئاستی دیاریکراوی پیتاندنی ئۆرانیۆمی پێشێل کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کەمکردنەوەی هاوکاریی ڕێژیمی ئێرانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەویی وزەی ناوکی بە چوونەسەرەوەی گرژیی جیددی ناوبرد و گوتوویەتی، کۆمەڵگەی جیهانی نابێ سیاسەت و کردەوە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی پەیوەندیی ئابوورییەوە پشتگوێ بخەن.