لەسێدارەدانی ڕۆحوڵڵا زەم بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی “ئامەدنیوز”، کە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کاردانەوەی توندی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە.
دیانا ئەلتەحاوی جێگری ژووری جێبەجێکاری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دەڵێ: لە سێدارەدانی ڕۆحوڵڵا زەم گورزێکی گەورەیە بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران و ئەوە دەخاتەڕوو کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هێشتاش بۆ تۆقاندنی خەڵک کەڵک لە سەرکوت و سێدارەی بێبەزەییانە وەردەگرن.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤیش لە سێدارەدانی ڕۆحوڵا زەمی بە توندی مەحکووم کرد، تارا سپێهریفەر لە چاوەدێری مافی مرۆڤ گوتی: لە سێدارەدانی ڕۆحوڵازەم ئەوە دەخاتەڕوو کە ڕێژیمی تاران ترسی لەناوچوونی هەیە بۆیە بە ئەشکەنجەی زاڵمانە و نامرۆڤانە، سزای سێدارەی وەکوو چەکی سەرکوتکردن بەکار دێنێ و نابێ جیهان چاوی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دابخات .
هەروەها کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسانیش لە بەیاننامەیەکدا، لە سێدارەدانی ڕۆحوڵڵا زەمی مەحکووم کرد.
شەریف مەنسوور بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان، لە واشینگتۆن گوتی: ڕێژیمی تاران بە لە سێدارەدانی ئەو ڕۆژنامەنووسە، ناوی دەچیتە ڕیزی جینایەتکاران و تێرۆریستە توندڕەوەکان کە بە سزای سێدارە ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ دەکەن.
شایانی باسە کە هەر لەم پێوەندییەدا ، زۆربەی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەکوو ئەمریکا، یەکیەتی ئورووپا، فەرانسە و لێبوردنی نێونەتەوەیی، وەزارەتی دەرەوەی ولاتانی کانادا و ئاڵمان، کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵێکی دیکە لە کەسایەتییەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی، لە سێدارەدانی ڕۆحوڵڵا زەم بە دەستی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندترین شێوە مەحکووم کرد.