کێشەی نێوان وڵاتانی تورکیە و ئێران و قسەکانی “ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکیە لە باکوو، ڕێژیمی ئێرانی زۆر توڕە کردوە و باڵوێزی تورکیەیان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تاران کردووە.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، باڵوێزی تورکیە لە تاران، لە لایەن ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسی گشتی”ئۆراسیا” بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و سەرەڕای ڕەخنەی توند و دەربڕینی ناڕەزایەتی جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوانە بە زووترین کات دەوڵەتی تورکیە ڕوونکردنەوە لە هەمبەر قسەکانی “ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکیە، کە لە باکوودا ئیددیعای خاکی ئازەربایجانی کردووە بدات.
لەم بانگهێشتن کردنەی باڵوێزی تورکیە، بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕێژیمی ئێران بە ڕوونی و بەتوندی ڕایگەیاندووە کە کاتی ئیددیعای ئیمپراتۆرەکان و شەڕ و پاوانخوازیی چەندین ساڵە کۆتایی پێهاتووە و ڕێژیمی ئێران ئیزن بە کەس نادات کە دەستێوەردان لە سەروەری خاکی وڵاتەکەیدا بکا و بەتوندترین شێوە بەرپەرچی ئەو جۆرە ئیددیعایانە دەداتەوە.
شایانی باسە کە “ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز لە ڕێژەیەکی سەربازیدا لە باکوو، بە خوێندنەوەی کۆپلەیەک لە شێعری”ئاراس، ئاراس” کە بۆ پان تورکەکان هێمای جیایی خاکی ئازەربایجان لە دوو لای ڕووباری”ئاراس” و بۆ ئێرانییەکان هێمای جیاییخوازییە و قسەکانی ئەردۆغان ئاماژەیە بو ئەوەیکە ئازەربایجانی گەورە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و ڕووسیە دابەش بووە و ڕووباری “ئاراس” سنووری نێوان ئەو دوو بەشەیە “ئێران و ئازەربایجان” و بە هۆی شەڕەوە لە یەک جیابوونەتەوە.
ئەم قسانەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی کاردانەوە و هێرشی توندی بەرپرسانی ئێران بووەوە و لە سەروی هەموویانەوە “محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر و لە لاپەڕەی فەرمیی تایبەت بە خۆی “ئەردۆغان” بە کاڵ فام و جیاییخواز ناو دەبا و دەڵێ: هیچ کەس و وڵاتێک ناتوانێت لە سەر ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێران قسە بکا.
لە لایەکی دیکەشەوە” عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادە” وتەبێژی پێشووی دەوڵەتی ئێران، ئەردۆغان بە خەلیفەی عوسمانییەکان دەشوبهێنێ و دەڵێ: باشتر وابوو خەلیفە بیگوتبایە باکۆ و زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەریان بە زۆری شەڕ و بە هۆی داگیرکارییەوە لە ئێران جیاکردۆتەوە.