ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی حوسێن ئاوای سنە، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز(ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان) بەرەو پیلی ئەو ڕۆژە نەتەوەییەوە چوون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی حوسێن ئاوای سنە، لە گوندەکانی سیاسەران، سەیان و کەژیکەران، بە شێوەیەکی بەربڵاو و چالاکانە، بە نووسینی دروشمی حیزبی و شۆڕشگێڕیی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز( ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان) ڕیزیان لەو ڕۆژە پیرۆزە گرت و پەیامێکیان بە دۆست و دوژمن دا کە” ئاڵا و پێشمەرگە و دێموکرات” ڕەمزی سەرکەوتنی نەتەوەی کوردن بەسەر داگیرکەراندا و بۆ هەمیشە لە بیر و هزری خەڵکی بەشەرەفی نیشتماندا دەدرەوشێنەوە و تا ڕزگاری خاکی کوردستان لە ژێر دەستی داگیرکەران خەبات بەردەوامە.
لە لایەن کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لەو هاوڕییانەمان لە ناوچەی “حوسێن ئاوای” سنە، سەرکەوتنی زیاتریان لە ئەرک و چالاکییەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.












