لە دڕێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مافی ژنان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەهوازە وە، ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، دوو ژنە چالاکی دیکەی ئەهوازی کە خۆبەخشانە وانەکانی قوتابخانەیان بە منداڵان دەگوتەوە دەسبەسەر کران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی”ئەهرۆ” ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لە درێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی ژنی ئەهوازی، کە بە دەسبەسەر کردنی “فاتمە تەمیمی” دەستی پێکرد و ٤ ژنی دیکەش دەسبەسەر کران و بەم شێوەیە ئاماری دەسبەسەرکراوەکان گەیشتە ٧ چالاکی مەدەنی کە ٥ کەسیان ژنن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز ڕۆژی هەینی” فاتمە سەواری” چالاکی مەدەنییان دەسبەسەر کرد و چەند ڕۆژپێشتریش “ئەزهار ئالبوغەبیش” لە گەڵ دوو براکەی و”مریەم عامری و فاتمە تەمیمی” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەهوازەوە دەسبەسەر کران.
لە بەشێکی دیکەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە کە فاتمە سەواری، مامۆستای قوتابخانەیە کە لە دەسپێکی هاتنی پەتای کۆرۆناوە بە خۆبەخشانە وانە بە قوتابییانی هەژار و کەمداهات کە بە هۆی نەبوونی موبایلی زیرەک و لەبتاب دەستیان بە خوێندنی ئۆنلاین ڕاناگا لە گوندەکانی ئەهواز وانە دەڵێتەوە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا لە پێوەندی لە گەڵ ئەم دەسبەسەرکردنانەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕانەگەیاندووە و عەشیرەتی “تەمیمی” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم کردووە کە بە زووترین کات ئەم چالاکانە ئازاد بکرێن، و ئەگەر ئەم کارە نەکرێت عەشیرەتی تەمیمی کاردانەوەیان دەبێ.