دوای ئاشکرابوونی یەکێک لە جەللادەکانی”قەرارگای ساروڵڵا”ی تاران ناسراو بە ڕەئووف، ماڵپەڕی مافی مرۆڤی “هێرانا” ئەشکەنجەگەر وجەللادێکی دیکەی ئەو ڕێژیمەی بە ناوی “سەتتار” ئاشکرا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، هەندێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، کە وێنەیەک لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەران و لێکۆڵەرانی ناوەندی “بەڵگەنامەکانی ئینقلابی ئیسلامی” لەگەڵ خامنەیی بڵاو کرایەوە، ڕوخساری ئەو ئەشکەنجەگەرەیان ناسیوەتەوە.
هەربە پێی ئەم هەواڵە، ئەو کەسانە گوتوویانە، هەر ئەو کەسە بووە کە لێکۆڵینەوەی لە خۆپێشاندەرە دەسبەسەر کراوەکان کردووە و بە خراپترین شیوە ئازار و ئەشکەنجەی داون.
ئەو ئەشکەنجەگەرە کە بە “سەتتار” ناسراوە و جیا لەوەی کە شوێنی مانەوەی نادیارە بەڵام لە پایەگای بەسیجی ” یادی یاران” لە شەقامی ئارژانتینی تاران بینراوە.
یەکێک لەو دەسبەسەرکراونە دەڵێ: سەتتار بۆی گرینگ نەبوو کە ڕوخساری دەرکەوێت و هەروەها ئێمە کە چەند کەس بووین ئازار و ئەشکەنجەی دەداین، هاوکارەکانی بە نێوی “سەتتار” بانگیان دەکرد، زۆر دڵنیا نەبووین لە نێوەکەی بەڵام ئەو ڕوخسارە هەمان ئەو کەسەیە کە ئێمەی ئەشکەنجە دەدا.
یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی دەڵێ: دوای ئەوەی کە ئێمەیان گواستەوە بۆ شوێنێکی نادیار، هەر ئەو کەسە “سەتتار” بە هەڕەشە و لێدان و سووکایەتیکردن لاپەڕەی لێکۆڵینەوەکانی لەبەردەم ئێمەدا دانا و دوای ٢ڕۆژ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لەلایەن سەتتارەوە من و ٧کەسی دیکە بووین ڕادەستی گرتنگەی سپا لە بەندیخانەی ئێڤین کراین.
شایانی باسە کە، لە ڕۆژانی رابردوویشدا، عەلی ئەمینیان ناسراو بە “ڕەئووف” یەکێکی دیکە ئەشکەنجەگەرانی قەرارگای “ساروڵڵا”ی سپای پاسداران بوو کە دوای بڵاو بوونەوەی وێنەیەکی، لەلایەن هەندێک لەو بەندکراوانە کە پێشتر لە بەندیخانەدا بوون وەکوو “مەهدییە گۆلڕوو” چالاکی خوێندکاری، ناسراوە.
بەشێکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی یان بنەماڵەکانیان لە شوێنەکانی دیکەی وەکوو ناوەندەکانی سپای پاسداران لە شاری تاران، لەلایەن عەلی ئەمینیان، ناسراو بە”ڕەئووف”ەوە ئەشکەنجەدراوە.