وتەبێژی ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی ئێران دهڵێ نرخی زۆربهی مادە هۆشبەرەكان لە ماوەی ئەمساڵدا زیادی کردوه. ئهو دهڵێ بههۆی بەرزبوونەوەی نرخی مادەی هۆشبەر، ئاستی ناخالیسیی مادده هۆشبهرهکانیش زیاتر بووه.
پەرویز ئەفشار، وتەبێژی ستادی بەربەرەكانیی لەگەڵ مادە سڕكەرەكان لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی لە ماوەی ٨ مانگی ئەمساڵدا بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نرخی هەر ١ مسقاڵ تریاك لهلای وردەفرۆشەكان ٢١ هەزار تمەن بووە كە ئەمساڵ لە چاو ساڵی ڕابردوو سەدی ٤٠ دابەزیوە؛ بهڵام نرخی هێرۆئین لە ٧ هەزار تمەنەوە گەیشتۆتە ٩ هەزارو٥٠٠ تمەن، كە لەلای كۆفرۆشەكان نرخی ئەم مادەیە لە چاو ساڵی ڕابردوو تا ئاستی سەدی ٣٧ زیاتر بووە، هەروەها وردەفرۆشەكان ئەمساڵ نرخی حەشیشیان سەدی ٤٠ له چاو ساڵی پێشوو گرانتر كردوە.
وتەبێژی ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە سڕكەرەكانی ئێران وێڕای ئاماژە بەوەی كە نرخی شیشەش لەمساڵدا گرانتر بووە، گوتی: لەلای وردەفرۆشەكان نرخی شیشە سەدی ١٧٥ زیاتر بووەو كۆفرۆشەكانیش نرخی ئەم مادهی هۆشبهرهیان سەدی ١٨٥ گرانتر كردوە. لە ساڵی ڕابردوودا هەر گڕەمێک شیشە بە ٣٠ ههزار تمهن دەفرۆشرا، بەڵام ئەمساڵ نرخی هەر گڕەم لەم مادە هۆشبهره یەكجێ گەیشتە ٧٦ هەزار تمەن.