هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم بە بیانووی دەسبەسەرکردنی بکوژانی موحسێن فەخریزادە، هێرش دەکەنە سەر بنکە و شوێنی حەسانەوەی کۆڵبەران لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە شاری بانە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،ڕۆژی هەینی ٢٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەک کاتدا هێرش دەکەنە سەر چەند شوێنی حەوانەوەی جیاجیای کۆڵبەران و داوایان لێدەکەن کە کارتی پێناسەکانیان ڕادەست بکەن، هەر لەوێ بە کۆڵبەرەکان دەڵێن کە بکوژانی موحسێن فەخریزادە لە نێو ئێوەدا خۆیان حەشار داوە و دەیانهەوێت لەڕێگەی ئێوەوە و بە هاوکاری ئێوە لە سنوور تێپەڕن.
دوای زەبر و زۆر و لێدانی کۆڵبەران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە، چەند کەسێک لە کۆڵبەرەکان کە کارتی پێناسەیان پێنابێت دەسبەسەر و چاویان دەبەستن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەن.
هەربەپیی ئەو سەرچاوەیە؛ تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو دەسبەسەرکراوانە نییە و لەهەمانکاتدا هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنی حەوانەوەی دیکەی کۆڵبەران لەو ناوچەیەدا.
جێی ئاماژەیە کە، لە نێو ئەو دەسبەسەرکراوانەدا کە لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی تارانەوە گیراون، هاووڵاتییەکی خەڵکی باشووری کوردستانیشیان لەگەڵدایە.