حوکمی لە سێدارەدانی ڕووحوڵڵا زەم لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.
بەپێێ هەواڵی هەوالدەریی مێهر، لە زاری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند ڕوحوڵڵا زەم بەڕێوەبەریی کاناڵی تێلگرامی (ئامەد نیوز) سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی سەرماوەز، لە سێدارە درا.
ڕووحوڵلا زەم هەواڵنێر و چالاکی سیاسی و کوڕی یەكێک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بوو و دوای ڕۆیشتن بۆ فەرانسە و بە دانانی ماڵپەر و کاناڵی تێلگرامی (ئامەد نیوز) لە دژی ڕێژیم چالاکیی بەربڵاوێکی سەستپێکردبوو.
ناوبراو لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاوی، دوای سەفەرکردنی لە فەرانسەوە بۆ عێراق لە لایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ تاران گوازرایەوە و دواتر بە سێدارە مەحکووم کرا و ئەمڕۆ شەممە حوکمەکەی جێبەجێ کرا.
غوڵام حوسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەزگایی دادوەریی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پەروەندەی ئەو رۆژنامەنووسەدا رایگەیاند “مانگێک دەبێ، دادگای باڵا بڕیاری لەبارەی کەیسەکەیەوە داوە، بڕیارەکە لە دادگای شۆڕشیش جەختی لەسەر کراوەتەوە”، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکا.
شایانی باسە کە ناوبراو لە دانیشتنی دادگادا بە ١٣ تاوانی جۆراوجۆری وەک دژایەتی خودا و ڕێژیم و سیخوڕی بۆ دوو وڵآتی فەڕانسە و ئیسرائیل و چەند تۆمەتی دیکە حوکم درابوو.