رەوتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی لە ئێران بە کۆتایی ماوەی ناونووسیی کاندیداتۆرەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەستی پێ کردو وهک وهزارهتی نێوخۆ باس دهکا زیاتر له ١٢ ههزار کهس بۆ ئهو مهبهسته ناونووسییان کردوه.
له کوردستان وهک زانراوە لە چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشانو ئیلام سەرجەم ١٠٥٩ کەس خۆیان ناونووس کردوە. لەم نێوەدا پارێزگای ورمێ بە ٤٤٤ کەس زیاترینو پارێزگای ئیلام بە ١٠٧ کەس کەمترین رێژەی خوازیارانی کاندیداتۆری لەم هەڵبژاردنەیان تێدا دەبیندرێ. لە کۆی ئەم رێژەیە ٢٩٥ کەس لە پارێزگای کرماشانو ٢٦٥ کەس لە پارێزگای سنە خۆیان ناونووس کردوە. هاوکات کوردەکان لە شاری تارانیش بە تەمان چەند کورسیی مەجلیسی داهاتوو بۆ خۆیان داگیر بکەنو بۆ ئەوەش ١٣ کوردی دانیشتووی تاران خۆیان ناونووس کردوە.
بۆ پارێزگای خۆراسانی باکووریش کە کوردان بەشی زۆری رێژەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە پێک دێنن، لیستێکی ٩٤ کەسە دەبیندرێ. کوردەکان هەروەها لە پارێزگاکانی هەمەدان، لورستانو چەند پارێزگایەکی دیکەی ئێرانیش بە تەمان کورسی پارلمان بە دەست بێنن.
هەڵبژاردنەکانی دەوری دەهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بڕیارە لە ڕەشەممەی ئەمساڵی هەتاویدا بەڕێوە بچێ. بۆ ئەوەش نیزیک بە ١٢ هەزار کەس لە سەرانسەری ئێراندا خۆیان ناونووس کردوەو چاوەڕوانیش دەکرێ مەجلیسی شورای نیگەهبان رێگە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە نەدا.
لە ژێر تیغی شورای نیگەهباندا، هەڵبژاردنەکان لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵبژاردنی دێموکراتیکو خەڵکی پێناسە ناکرێن. بەڵام بەو حاڵەش خوازیارانی کرانەوەی سیاسی لەم وڵاتە تا ئێستا چەند جوار توانیویانە زۆرینەی کورسییەکانی پارلمان داگیر بکەنو لە گەڵ باڵی پاوانخوازی دەسەڵات بە رێبەریی عەلی خامنەیی، بکەونە ململانێوە.
پێوەندیدار بە دۆزی کوردیش لە ئێران، کوردەکان ئەگەرچی هەتا ئێستا زیاتر بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنانەیان کردوە، بەڵام لە چەند قۆناخیشدا توانیویانە بە قازانجی خۆیان کەڵک لەو دەرفەتە رێژەییە وەرگرنو یەکێک لەو هەوڵانەش بۆ سەردەمی مەجلیسی شەشەمو دامەزراندنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە مەجلیس دەگەڕێتەوە.