ئەرتەشی ئەمریکا دەڵێ: لە بەرژەوەندی ڕێژیمی ئێراندا نییە کە بیهەوێت ڕاستەخۆ یا ناڕاستەوخۆ بە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بجوڵێتەوە.
ئەرتشی ئەمریکا دوو فڕۆکەی شەڕکەری بی ٥٢ی ڕۆژی پێنجشەممە٢٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست هەڵفڕاند، کارێک کە بەرپرسانی ئەمریکایی بە هوشداری ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی ناو دەبەن.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین جارە کە فڕۆکە شەڕکەرە بۆمبهاوێژەکانی “بی٥٢” لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک ئاوەکانی سنووری ئێران، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئەمریکا لە هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکدا و هوشدار بە ڕێژیمی ئێران هەڵدەفڕن.
ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە جیاواز لەوەیکە پۆشتەوپەرداختە بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو توانای گواستنەوەی بۆمبی ناوکیشی هەیە.
سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان فڕینی ئەم فڕۆکەشەڕکەرە گەورانە لە ئاسمانی ناوچەکەدا پشتیوانی لە هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە و هوشدارێکی ئاشکرا و ڕوونە بۆ ڕێژیمی ئێران.
لەم پێوەندییەدا ژێنراڵ “فرانک مەککێنزی” فەرماندەی هێزە ئەمریکاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە توانایی هەڵفڕینی بێ ڕاوەستانی ئەم فڕۆکەشەڕکەرانە بۆ هەموو شوێنێکی جیهان و پێوەندی خێرا لە گەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا سەلمێنەری پێوەندی نزیک و پێبەندبوونی ئەمریکا بۆ جێگیر کردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ژنراڵ “مەککێنزی” لە درێژەدا دەڵێ: ئەگەر ئەو ڕێژیمە بیهەوێت هەر هێرشێکی سەربازی و تێرۆریستی بکاتە سەر بەرژەوەندییەکان و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەوە ئەمریکا بە توندترین شێوە وڵامی سەربازی ڕێژیمی ئێران دەداتەوە، کە دیارە مەبەست لەو قسانە جموجۆڵەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە عێراق و ناوچەکەدا.