بۆ یەکەمین جار دیمەنى دەروازە نوێیەکانى تۆنێلە ژێر زەوییەکان لە داوێنى کێوەکانى باشوورى بنکەی ناوکیی نەتەنز، لە باشوورى تاران، دەتواندرێت بە ئاسانى ببیندرێت.
ڕۆژنامەى نیۆیۆرک تایمز، لە ڕاپۆرتێک باسى دامەزراوە ژێرزەوییە ناوکییەکانی نەتەنزى کردووە کە خەریکە دروست دەکرێن و نووسیویەتى ڕۆژنامەنووسان و شڕۆڤەکاران دەتوانن تەنانەت بە لاپتۆپەکانیان، بچووکترین گۆڕانکارى ئەو شوێنە کە بە هۆى مانگى دەستکردەوە تۆمار دەکرێن، ببینن.
ئەم بڵاوکراوەیە ڕۆژى چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ئاماژەى بە دروستکردن و بنیاتنانى بنکەی ناوکیی لە نێو دڵى کێوەکانى نەتەنز کردووە و نووسویەتى ئەم شوێن و دروستکراوانە بۆ سانتریفیوژى پێشکەوتوو ئامادە دەکرێ کە ڕێژیمی ئێران بە تەمایە لەوی دایبمەزرینێ.
جێفرى لویس، پسپۆڕى کۆنتڕۆڵى چەکوچۆڵی ناوکی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانى میدڵبرى کالیفۆڕنیا، باسى لەوە کردووە کە دوو دەروازەی تۆنێلەکە لە دوو لاى کێوەکەوە هەیە کە لە دەوروبەریان تەپۆڵکەى خاکى دەبیندرێت کە هەست دەکرێت هەڵکۆڵراون.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەم شوێنە نوێیە سانتریفیوژى پێشکەوتووتر لە دامەزراوەى نەتەنز کە لە مانگى پووشپەڕ تەقێنرایەوە، دادەمەزرینێتەوە.
جێفرى لویس، بە ئاماژە بەوەیکە ئەم دامەزراوە ناوکییانە زۆر دوورن لە جاددە و لێوارى کێوەکە و هەروەها زۆر لە بن خاکن کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەى پارێزراو بن لە هێرشى ئاسمانى و دەڵێ: کە دوورى نێوان دوو دەروازەى تونێلەکە هێندە گەورەیە کە بتوانێت دامەزراوەیەکى بەئەندازەی هەمان هۆڵى مۆنتاژى سانتریفیوژەکەی پێشتر کە هاوینى ئەمساڵ تەقێندرایەوە، تیایدا جێ بکرێتەوە.
ئەم بڵاوکراوەیە سەرەڕاى ئاماژەکردن بە لەقاودانى چالاکییە شاراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نەتەنز لە ساڵى ٢٠٠٢ى زایینى و لەو کاتەوەى تا ئێستا کە بەدواداچوونەکەى بۆ کراوە، ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسان دەتوانن لەسەر لاپتۆپەکانیان ببینن و ئاگادارى بچووکترین گۆڕانکارى بن.