بەرپرسێکی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە لە ساڵی داهاتوودا بە کردنەوەی زانکۆکان لەگەڵ کێشەی کەمیی بوودجە بەرەوڕوو دەبینەوە.
عەلی مۆقاری جێگری گەڵاڵە و بەرنامەی زانکۆی تاران ڕایگەیاند؛ ئەگەر زانکۆکان لە ساڵی داهاتوودا بکرێنەوە، بێگومان لەگەڵ کێشەیەکی گەورە لە ڕووی کەمیی بوودجەوە بەرەوڕوو دەبینەوە.
بە وتەی ناوبراو لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا سەرجەم ئەو بوودجەیەی بۆ تێچووی زانکۆی تاران تەرخان کرابوو بۆ مووچەی کارمەندانی ئەو زانکۆیە خەرج کراوە و داهاتەکانی زانکۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخستنی هەندێک لەو بەشانەی کە بۆ زانکۆ داهاتهێنەر بوونه داڕماوە.
عەلی مۆقاری هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەشێک لە داهاتی زانکۆ لە ڕێگەی پارەی مانگانەی خوێندکارانەوە بووە کە بە وەرگرتنی مەرەخەسی لە خوێندن ئەو داهاتەش کەم بۆەتەوە و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانە.
لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠دا ناوەندە ئایینییەکان و ئاخوندەکان و بەرپرسانی ڕێژیم هەر لە خامنەییەوە بگرە تا بەرپرسێکی پلەخواری ئەو ڕێژیمە بوودجەی تایبەت و زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکرێ و تەنانەت لەمدواییانەشدا بۆ کچی قاسم سلێمانی بە ناوی “بونیادی قاسم سلێمانی” بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە و هیچ قازانجێکیشی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ئێران نییە، بەڵام زانکۆکان هیچ گرینگییەکان پێ نادرێ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە و بوودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان کراوە و لە ساڵی داهاتوودا تووشی کێشەگەلێکی گەورەتر دەبینەوە.