وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان بۆ دەرکردنی میلیشا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
جۆیل ڕایبۆرن جێگری وەزیری دەرەوە و نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە لە بەردەم لێژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕووبەڕووی پرسیار کرایەوە کە لەوێدا ڕایبۆرن جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی ڕێکخراوی “قاعیدە و داعش” و هەروەها میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە بەردەوام دەبێ.
نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریە ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە چوارچێوەی یاسای قەیسەر، واشینگتۆن کار بۆ زۆرکردنی گوشارەکانی لە سەر “بەشار ئەسەد” و دارودەستەکەی و هەروەها ئەو چەکدارانەی کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن لەو وڵاتە دەکات.
یاسای “قەیسەر” لە نێوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاویەوە چووە بواری جێبەجێکردن و کۆمەڵێک بەرپرسی ڕێژیمی سووریە و هاوپەیمانەکانی و لەنێویشیاندا بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریە و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی سزای داراییان بەسەردا سەپێندرا.
مایکل ماککۆل، یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی لیژنەی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، قسەی لەسەر “چالاکییە سەربازییەکانی تورکیە و پاڵپشتیکردنیان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیدلیب کرد و بە بۆمبێکی کاتی ناوی بردن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایبۆرن ڕایگەیاند، بەشێک لەو چەکدارانەی کە تورکیە ڕاهێنانیان پێدەکات جاران لە ڕیزەکانی هەسەدە بوون، بەڵام تورکیە لەژێر ناوی “سپای نیشتیمانیی سووریە” ئەو هێزانەی کۆکردۆەتەوە و ڕاهێنانیان پێدەکات.












