پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری شنۆ بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، پشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”محەممەد نیروومەند” ناسراو بە”حەمەلاڵ” خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لە دەستداوە و دڵە گەورەو پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە کاک”محەممەد نیروومەند” هەر لە سەرەتای شۆرشەەوە دێتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و چەکی شەرەف بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە شان دەکا و لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا لە زۆربەی شەڕەکانی ئەوکاتدا ئامادە بووە و زیاتر وەک پارێزەری نەمر کاک “نەبی قادری” بووە کە محەممەد بە “بابە” ناوی دەبرد، دوای زیاتر لە ٦ ساڵ پێشمەرگایەتی لەسەر داوای حیزب و بەتایبەتی کاک “نەبی قادری” دەگەڕێتەوە بۆ نێوخۆیی وڵات و تا کاتی ماڵاوایی کردنی لە ژیان بە هیوای ئازادی و گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی بووە.
جێگای ئاماژەیە کە کاک”محەممەد” لەبەر ئەوەیکە لەبواری قسەکردندا بەداخەوە توانای دەربڕینی وشەکانی نەبوو بەڵام هەمووکات دەستی لەسەر سینگ دادەنا و بە زمانی بێ زمانی سروودی ئەی ڕەقیبی دەگوتەوە یان بە ئاشکرا پێشی بە جاش و بەکرێگیراوان دەگرت و بەبێ زمانی خۆی داوای لێدەکردن واز لەو کارە قیزەونانە بێنن، هەر ئەم کارانەی وایکردبوو کە ببێتە جێگای خۆشەویستی هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی خەڵکی شاری شنۆ و دەوروبەری.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک”محەممەد نیروومەند” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.