گرووپێک لە کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارییان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە سەرپێچییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا درێژەی هەیە و بەتایبەت کۆمەڵکوژی بەندکراوان لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوییان بە جینایەتی دژبە مرۆڤایەتی ناساند و دەڵێن، ئەگەر ئەو سەرپێچییانە درێژەی هەبێ، داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی دەکەین.
هاوکات ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، نامەی کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانی بە خاڵێکی گرینگ لە ٣دەیە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕاستی و دادپەروەری لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەی ٦٧ی وەسف کرد.
کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەی ١٨لاپەڕەیی خۆیاندا کە سەرەتا ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەشێوەی نهێنی ناردوویانە بۆ دەولەتی ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە، نیگەرانی ئەو سکاڵایانەین کە کراون و هیچ ولامێکیان نەدراوەتەوە سەبارەت چارەنووسی قوربانییان و پێشاندانی گۆڕی کوژراوانی کۆمەڵکوژیەکە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێکیان بەم دۆسییەیە نەداوە.
کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو نامەیەدا جەختیان لەوە کردەوە کە، تا کاتی بایەخدان بە سکاڵای بنەماڵەی قوربانیان و ئاشکرا کردنی شوێنی ناشتنیان، ئەم لێکۆڵینەوانە بەردەوامە.
جێی ئاماژەیە کە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٦٧ی هەتاوییەوە تا ئێستا نە ولامی سکاڵای بنەماڵەی قوربانییەکانیان داوەتەوە و نە شوێنی ناشتنی ئاشکرا کردوون، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانیان بە جینایەتێکی بێوێنە ناوبرد