لە شاری بانە زیاتر لە٢٠ کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی “فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون.
هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بەدواداچوون بۆ کوشتنی “موحسێن فەخریزادە” شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە تەواوی میلیتاریزە کردووە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ڕەشبگیریی خەریکی دەسبەسەرکردنی لاوەکانی ئەو شارەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، شاری بانە لە پارێزگای سنە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران، ئەرتەش و هێزی ئینتزامییەوە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و سەرجەم ڕێگاکانی هاتن و دەرچوون لە شار کۆنترۆڵ دەکرێن و دەستیان کردووە بە پشکنین و لێپێچینەوەی هاووڵاتییان و دەسبەسەرکردنیان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە کرانی شار، هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینتێرنێت پچڕاون و هێزە چەکدارەکان بە چەکی قورس و سووکەوە لە سەرانسەری شاردا بڵاوەیان پێکراوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، هێزە تایبەتەکانی سپای پاسداران لە ڕۆژی یەکشەممەوە هاتوونەتە ناو شاری بانە و ماڵی زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی دانیشتووی ئەم شارەیان پشکنیوە و ئەم هێزانە کۆمەڵێک وێنەیەیان بە دەستەوە بووە و بە شوێن خاوەنی وێنەکاندا گەڕاون.
بەپێی زانیارییەکان ماڵی چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی ساڵح چکۆل و سەرحەد، خەڵکی گوندی ئەنجێنە، کازم قادری خەڵکی گوندی چۆمان و ڕەحمان شادان خەڵکی گوندی بڵەسەن، لە لایەن ئەو هێزانەوە، پشکێنراوە.
لە گەڕەکی هەمزاوای بانەش ماڵی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی پشکێنراوە و هاوڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی باقی لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەی زانیارییەکان باس لە وە دەکەن کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراون بەڵام تا ئێستا ناوی ئەم دەستبەسەر کراوانە ئاشکرا نەبووە.
شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی “موحسێن فەخریزادە ” سەپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ڕیژیم و یەکێک لە بەرپرسەبالاکانی سپای پاسداران لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە نزیک شاری تاران، کوژرا و بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیلیان وەک بکەری ئەم کوشتنە تۆمەتبار کردووە بەڵام لەبەر ئەوەیکە وەکوو هەمیشە توانای وڵامدانەوەی بە ئیسرائیل نییە دەیهەوێ بۆ ڕازیکردنی توندئاژۆکانی حکوومەت و بەلاڕێدابردنی خەڵک و شاردنەوەی شکستی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیم خەڵکی کورد بکاتە قوربانی.











