لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی بەهەوڵوێست و نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری جوانڕۆ، بە شێوەیەکی بەربڵاو و بوێرانە ئەو شارەیان بە دروشم و تراکتی حیزبی ڕازاندەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوولە کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری قارەمان و کوردپەروەری جوانڕۆ، بۆ پێشوازی لە ٢٦ی سەرماوەز( ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان)، بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەرچاو،کۆڵان و شەقامی شارەکەیان بە دروشم و تراکتی حیزبی و هەروەها ناردنی گرتە ڤیدیۆی تایبەت بەو ڕۆژە ڕازاندەوە و بەرەو پیلی ئەو ڕۆژە نەتەوەییەوە چوون.
لە لایەن کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لەو هاوڕییە ماندوونەناس و تێکۆشەرانەمان لە شاری هەمیشە دێموکراتی جوانڕۆ، سەرکەوتنی زیاتریان لە ئەرک و چالاکییەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.