دوکتور”داوود داوودی، موزوفەر کەماندار و عەلی ڕەزایی” سێ چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی “لەک” لە لایەن ڕێژیمەوە گوشارێکی زۆریان خراوەتەسەر بۆ پەشیمان بوونەوە لە داواکارییەکەیان کە کردنەوەی کەناڵێکی تلویزیونییە بە زاراوەی لەکی.
کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای تێپەڕینی ٤ دەیە لە دەسەڵاتداری، بە تەنیا هەوڵی تواندنەوە و لە ناو بردنی گەلی کوردی داوە و بە هەموو جۆرێک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و بە تەمای تواندنەوە و سڕینەوەی کولتوور و زمانی کوردە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
لەمڕۆدا حەشیمەتی کوردەکان سەرەڕای ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئێراندا ڕێژیمی ئێران لە بەرچاویان ناگرێ و بەردەوام هەوڵی دەسبەسەر کردنی چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کوردی داوە و بە زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت لە سێدارەدان دەیهەویت بەم جۆرە و بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی تواندنەوە و هەڵاواردن و دووبەرەکی گەلی کورد پەرتەوازە بکا و لە ئامانجە سەرەکییەکانی دووری بخاتەوە.
ئیستا کە کوردەکانی کرماشان بە تایبەتی خەڵکی “لەک” داوایان لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەیانهەوێت کاناڵێکی تەلەفزیۆنی دابمەرزێنن بۆ پەرەپێدان بە هەست و بیری نەتەوایەتی و خزمەت کردن بە خەڵکی ئەو ناوچەیە کە چی لەو لاوە ڕێژیمی ئێران بە توندترین شێوە بەرەنگاریان دەبێتەوە و چالاکە مەدەنییە ناسراوەکانیان وەکوو دوکتور”داوود داوودی، موزوفەر کەماندار و عەلی ڕەزایی” بانگ دەکا و بە زمانی هەڕەشەوە گوشاریان دەخاتە سەرو پێیان دەڵێن ئەگەر دەستبەرداری داواکەتان بۆ دامەزراندنی تەلەفزیۆن نەبن دەسبەسەرتان دەکەین بە توندترین شێوە سزاتان دەدەین.
پێویستە بگوترێ کە بە دامەزراندنی کاناڵیکی نیوخۆیی بۆ کوردە لەکەکان ڕێژیمی ئێران هەست بە مەترسییەکیی زۆر دەکا و پێی وایە کە ئەو کوردانەی بە زاراوەی لەکی قسەدەکەن تاکوو زیاتر خۆیان بناسن زیاتر لە هەستی نەتەوایەتیی و کوردبوون نزیک دەبنەوە و ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێ کە سەدان ساڵە لە لایەن ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندگەرای ئێرانەوە هەوڵی تواندنەوە و دووررخستنەوەی خەڵکی پارێزگاکانی خوارووی کوردستانی لە خۆناسین داوە و هەوڵیداوە لە فەرهەنگ و زمان و داب و نەریتی خۆیان دووریان بخاتەوە، بەڵام بە هەوڵی چالاکانی مەدەنی ئەو ناوچانە و هەموو چالاکانی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و بە گۆڕانی سەردەمی زانییارییەکان و گرینگی میدیا و ڕاگەیاندن و ئینتێرنێت هەموو هەوڵ و تێچووی دەسەڵاتدارانی تاران بە فیڕۆچووە و دەچێ و کورد هەر کورد دەمێنێتەوە و هەستی نەتەوایەتیی خەڵکی لەک و لوڕیش تا دێ زیاتر بەرەو ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەڕێتەوە و ڕێژیمی تۆقاندووە.