سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: مووشەکی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران لە لیبی دۆزرایەوە.
ئانتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هەواڵی دەسبەسەرداگرتنی ٤ مووشەکی دژە تانکی لە لیبی پشتڕاست کردەوە و گوتی: تایبەتمەندی یەکێک لە مووشەکەکان، لە گەڵ تایبەتمەندییەکانی مووشکی”دێهلاویە” کە ڕێژیمی ئێران بەرهەمی دێنێ یەکدەگرنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بە شۆرای ئاسایشی ڕاگەیاند کە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان کە لە لایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەسمی ٤ مووشەکی دژە تانک لە وڵاتی لیبی بەڕێوە چوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تایبەتمەندی یەکێک لە مووشەکەکان لە گەڵ تایبەتمەندییەکانی مووشکی”دێهلاویە” کە ڕێژیمی ئێران بەرهەمی دێنێ یەکدەگرنەوە.
شایانی باسە کە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ٥ ئەندامی سەرەکی و ٩ ئەندامی جێگر ساڵی ٢٠٠٧ هەناردە و هاوردەکردنی چەکوچۆڵیان بۆ ڕێژیمی ئێران قەدەغە کرد و بە گشتی گەمارۆیان خستەسەری.
لە لایەکی دیکەوە وڵاتی ئیسرائیل کە ڕێژیمی ئێران بە پێشیلکردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکان و دەستێوەردانی تێکدەرانە لە وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکا، مانگی پێشوو بۆ سەلماندنی ئیددیعاکانی وێنەی پێوەندییدار بەو مووشەکانەی کە لە ئێران بەرهەم هاتوون بۆ لێکۆڵینەوە دابووی بە سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.