کرێکارێکی خەڵکی سنە لە کاتی کارکردن لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٩، کرێکارێکی لاوی خەڵکی سنە بە ناوی “کاوە وەیسی” لە کاتی کارکردن لە شاری سلێمانی لە کاتی کارکردن لە بینایەک لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەست داوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە “بورهان سەلەواتی” بەرپرسی گشتیی تەعاون و کار لە پارێزگای سنە، ڕایگەیاند کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا ٢٩٥ کرێکار لەو پارێزگایە تووشی ڕووداوی کار بوون کە ٦ کەسیان ژنن و بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوەی ساڵی پار سەتا ٤٠ بەرز بووەتەوە و زیاتر لە سەتا ٥٠ی ئەو کرێاکارانەی تووشی ڕووداوی کار بوون بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بووە لە کاتی کارکردندا.
ئەو ئامارە نیشاندەری ئەوەیە کە کرێکاران لە شوێنی کارکردندا هیچ مافێکی کارییان لە لایەن بەرپرسان و خاوەن کارەکانەوە بۆ دابین ناکرێ و بەشێکی زۆریش لە کرێکاران لە بیمەی کار بێبەشن و لە ئەگەری تووشبوون بە ڕووداوێک لە کاتی کارکردندا لا لایەن خاوەن کارەکانەوە هیچ تێچوویەکی دەوا و دەرمانیان پێنادرێتەوە.











