ئەشکەنجەگەرێکی سپای پاسدارانی ڕێژیم بەناوی”ڕەئووف” کە خەڵکی ناڕازیی ئێرانی لە بەندیخانەکانی ئیتلاعاتدا بە توندترین شێوە ئەشکەنجەداوە لە لایەن خەڵکەوە ناسرایەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناسینەوە و شایەتیدانی هێندێک لەو قوربانییانەی کە لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەشکەنجەدرابوون بوو بە هۆی ناسینەوەی بە بەڵگەی ئەشکەنجەگەر و جەللادێکی دیکەی سپای پاسداران.
ئەم جەللادەی سپای پاسداران کە ناوگەڵیکی جۆراوجۆری هەبوو بە تایبەتی بە “ڕەئووف” بەنێوبانگ بووە، لەنێوان وێنەی ئەو کەسانەی کە بۆ قسەکردنەکانی خامنەیی ڕۆیشتبوون لە ریزی یەکەمدا دانیشتووە و لە لایەن کەسە قوربانییەکانەوە کە ناوبراو ئەشکەنجەیانی داوە ناسراوەتەوە.
شایانی باسە کە دەسبەسەرگەی ژمارە ٢ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کە تایبەتە بەسپای پاسدارانی ڕێژیم و زۆربەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کە بە دژی ڕێژیمی ئێران چالاکیی دەکەن دەیانبەنە ئەو گرتنگەیە و ئەشکەنجەگەرە نامرۆڤەکانی خامنەیی بەتوندترین شێوە ئەشکەنجەیان دەکەن و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەردەگرن.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش دوو بە ناو هەواڵنێری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو عەلی ڕزوانی و ئامینە سادات زەبیح پوور لە لایەن بەندکراوان و ئەشکەنجەدراوانی گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ناسێندران.