ڕۆژی رابردوو دوو ژن لە شارەکانی دێلوڕان و سەردەشت کوژران.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، کاتژمێر ٢٣ی شەوی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی “وەفا عەبدوڵازادە” تەمەن ٤٣ ساڵ لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە لە پێش ماڵی خۆی بە گولـلە کوژرا.
بە پێی سەرچاوەکان، وەفا عەبدوڵازادە ماوەیەک لەوە پێش لە مێردەکەی جیا بووەتەوە و بە تەنیا لە ماڵێکدا ژیاوە و بنەماڵەکەیشی پێوەندیان لەگەڵی نەبووە ناوبراو گولـلە بەر سەری کەوتووە و گیانی لە دەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی گوندی زۆلفەقار، سەر بە شارۆچکەی دەشتی عەباسی دێلوڕن لە پارێزگای ئیلام لەلایەن براکەیەوە خنکێندراوە.
عەینوڵڵا نیازیفەڕ، بەرپرسی دادگای گشتیی ئەو ناوچەیە ڕایگەیاندووە، بکوژی ئەم کچە براکەیەتی و دەسبەسەر کراوە.
میدیا خۆجێیەکان هۆکاری کوژرانی ئەم کچەیان بە دەستی براکەی کێشەی خێزانی ڕاگەیاندووە.