محەممەد مێهدیزادە، جێگری كاروباری فێركاریی نێهزەتی سەوادئامووزیی ئێران باس لە بوونی ٩ میلیۆنو ٧٠٠ هەزار كەسی نەخوێندەوار كردوە كە تەمەنییان سەرووی ٦ ساڵە.
مێهدیزادە، ڕۆژی شەممە ٥ی بەفرانبار، لە نێو كۆڕی هەواڵنێراندا لە شاری بۆجنوورد گوتی بەپێی دوایین سەرژمێرییەكان، تەمەنی٣میلیۆنو ٤٥٠ هەزار كەس لە نەخوێندەوارەكان ژێر ٥٠ ساڵە.
بەقسەی جێگری فێركاریی نێهزەتی سەوادئامووزی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لە نەخوێندەوارانی ئەم وڵاتە دەستنیشان كراون كە ٦٠٠ هەزار كەسیان دایك و باوكی قوتابییەكانن.
سولەیمان موحێبی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەو بارهێنانی پارێزگای كرماشانیش لە پرێسكۆنفرانسێكدا که لە یەكەمین ڕۆژی حەوتووی “سەوادئاموزی” لە ڕۆژی ڕابردوو گیرا، گوتی سەدی ١٦ی حەشیمەتی ئێران نەخوێندەوارنو ئێران لەو بوارەوە لە پلەی ١٢٠ی جیهان دایە.
جێگری كاروباری فێركردنی “نێهزەتی سەوادئاموزیی ئێران ” لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتیی مامۆستایان سەبارەت بە هەقدەستی كەمی فەرهەنگییەكانی گوتی کێشهو بێ پووڵیو بێبهشیی مامۆستایان له مافهکانیان نابێ لە كۆمەڵگەدا گەورە بكرێتەوە.
شایانی باسه كانوونی سێنفیی مامۆستایانو كۆمەڵێك لە فەرهەنگییانی ئێرانو خانەنشینانی فێركردنو پەروەردە ئهمساڵو پارهکهش چەندین جار سەبارەت بە كەمیی هەقدەستەكانیان كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وهڕێخست، بهڵام تا ئێستاش کێشهکان ههر له جێی خۆیانن.