راوێژکاری سەرۆکی موجلیسی ڕێژیم ، دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک کەسی بە پاساری تێوەگلان لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە پشتڕاست کردەوە.
ئەمیر عەبدولڵاهیان، راوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانەی ڕێژیم بوو کە باسی تۆڵە کردنەوەی فەخریزادەی کرد وهەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی لە بکەرانی ئەم کوشتنە کرد، کە ڕۆژی ٧ی سەرماوەز لە ئابسەردی دەماوەند کوژرا و ڕێژیم بەرپرسیارەتی پڕۆسەی کوشتنەکەی داوەتە پاڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد) و رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و دەڵێ :ئەوانەمان ناسیوە کە فەرمانی کوشتنی فەخریزادەیان دەرکردووە، بەمنزیکانە وەڵامیان دەدەینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی سپای پاسداران ڕایانگەیاندبوو کە فەخریزادە لە رێگەی چەکی ئۆتۆماتیکی کۆنترۆڵکراوی مانگە دەستکردەکانەوە تەقەی لێکراوە.
جێگای ئاماژەیە فەخریزادە شەشەم زانای ناوکیی ئێرانە کە لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوی جیاوازی تەقە لێکردن و تەقینەوەدا دەکوژرێ، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران سەرەڕای بانگەشەکانی بۆ پیتاندنی ئۆرانیوم بۆ کاروباری ئاشتیخوازانە،هەوڵدەدا بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، بەڵام ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسرائیل، لە دژی ئەوەن ئەو ڕێژیمە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە کۆمەڵکوژە و ڕیگری لێدەکەن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ڕووداوێک دەگوازێتەوە بۆ دەسبەسەرکردن و کوشتنی جیابیران و ڕووناکبیرانی دژی ئەو دەسەڵاتە و هەربۆیە کوژرانی فەخریزادەش بیانوویەکی دیکەیە بۆ ئەو کردەوانەی ڕیژیم.