هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ڕایگەیاند کە ئەمریکا، گەمارۆی خستەسەر”حەسەن ئیرلوو” باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن.
هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا لە درێژەی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشاری” خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران “حەسەن ئیرلوو” باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە هۆی پێوەندی لە گەڵ گرووپە تێرۆریستەکاندا خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
جێگای ئاماژەیە کە مانگێک پێش ئێستا دادستێنی سەربازیی یەمەن، سکاڵای بە دژی “حەسەن ئیرلوو بە تۆمەتی بەقاچاخ هاتنە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە بە مەبەستی سیخوڕی و هاوکاری لە گەل میلیشیا تێرۆریستەکانی یەمەن و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی گشتیی یەمەن، لە لای دادگای سەربازیی ئەو وڵاتە تۆمار کرد.
لە دانیشتنی دادگای سەربازی بە سەرۆکایەتی دادوەر”عەقیل تاجەدین” و بە بەشداری دادستێنی گشتیی سەربازیی یەمەن، ” عەبدوڵڵا حازری” پەروەندەی”ئیرلوو” پێشکەش بە دادگا کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا “سەعید خەتیبزادە”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە ” حەسەن ئیرلوو” یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێرانە کە وەکوو باڵوێزی ئێران نێردراوەتە شاری” سەنعا”.
پێویستە بگوترێ کە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، هەر ئەوکات ئەم کارەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە ناردنی پاسدارێکی وەکوو “حەسەن ئیرلوو” تەنیا مەبەستی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانە لە وڵاتی یەمەن و ئەم کارەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە دانیشتنی دادگا سەربازیەکەی یەمەندا، دادستێنی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە “حەسەن ئیرلوو “هیچ پیشینەیەکی وەکوو دیپلۆماتکار نییە و تەنیا بە مەبەستی کاری تێکدەرانە هاتۆتە نێو وڵاتی یەمەن و دادگای یەمەن ناوبراوی بە تۆمەتی سیخوڕی مەحکووم کرد.
شایانی باسە کە دەوڵەتی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دوایین ڕۆژی کاری “ترامپ’ وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەردەوام گەمارۆی نوێ بە سەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنێ.