خوداكەرەم جەلالی، سەرۆكی ڕێكخراوی دارستانەكانو لەوەڕگەكانی ئێران، وێڕای ئاماژە بەوەی كە وڵاتانی كەنداو چاویان لە خاكی ئێرانە، گوتی كاربەدەستانی وڵاتی قەتەر لە هەوڵی دابینكردنی خاكی ئێران بۆ یارییەكانی جامی جیهانیی ٢٠٢٢دایە.
جەلالی پشتڕاستی كردەوە كە له پێوهندی لهگهڵ یارییەكانی جامی جیهانی فوتباڵ كە قەرارە لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەبچێ. دەگوترێ كاربەدەستانی ئەم وڵاتە بۆ فەزای سەوز پێویستییان بە خاكی ئێرانو عێراقو وڵاتانی دیكەیە، بەڵام ئێران داوای ئەوانی ڕەد كردۆتەوەو هەناردەی خاك لە ئێران قەدەغەیە.
ناوبراو لە حاڵێكدا ئەم قسانە کردوه كە بههاری ئهمساڵ پەروین فەرشچی، جێگری دەریایی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی به هەواڵدەریی ئیلنای گوتبوو كە خاكی دوڕگەی هورمۆز لە لایەن شیركەتە تایبەتییەكانەوە بۆ وڵاتانی كەنداو هەناردە دەكرێ. ناوبراو هەروەها گوتبووی دەوڵەت هیچ چاوهدێرییهکی ئهو بابهتهی نهکردوهو بهلایهوه گرینگ نهبوه.
پێشتریش عەباس پاپی زادە، وتەبێژی كۆمیسیۆنی كشتوکاڵی مەجلیس ڕایگەیاندبوو كە خاكی ئێران بە شێوەی ناقانوونی بە وڵاتانی كەنداو دەفرۆشترێ، ئەگەرچی بە پێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران فرۆشتنی خاك قەدەغەیە بەڵام خاك بە پیتو بەرەكەتی كەشاوەرزیی پارێزگاكانی بوشێهر و هورمۆزگان بە وڵاتانی قەتەرو ئیمارات دەفرۆشترێ.