ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار بە بۆنەی هەڵمەتی گشتیی ساڵانەی “زاگرۆسانە” ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردەوە،
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە!
هەرچەند ئەوساڵ لە چوارچێوەی گەڵاڵەی داڕێژراودا بڕیار بوو چەندین هەڵمەتی بەڕووچاندنمان هەبێ بەڵام میواندارەتیی بەپەلەی بەفر و سپیپۆشبوونی وڵاتی ئازیزمان مەودای نەدا لە کاتی دیاریکراودا هەڵمەتی زاگرۆسانەمان هەبن، سەرەڕای ئەوەش ڕێکخراوە وەکوو هەمیشە لە کەمترین دەرفەت باشترین کەڵکی وەرگرتووە، بۆیە ئەوڕۆ بەپێی هەلومەرجی لەباری کەشوهەوا، ناوچەی میراوێی سەردەشت هەڵبژێردرا و توانیمان بە بەشداریی بەرچاوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، شاخەوانان، ژینگەدۆستانی میراوێ و بە هاوکاریی ئیدارەی “جنگلبانی”ی ئەو شارە، هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە ببەین.
شایانی باسە کە زاگرۆسانە” گەڵاڵەیەکی گشتی لە ئاست ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری بناری زاگرۆسە کە ماوەی سێ ساڵە لە لایەن ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، شاخەوانان و ژینگەدۆستان بەڕێوە دەچیت کە یەکێک لە ئامانجەکانی، بەرەنگاریی ئەو هورووژمەیە کە لەلایەن نەیارانی ژینگەی زاگرۆس خراوەتە سەر ئەو ژینگە تایبەتە.
ئامانج لە تەواوی هەڵمەتە جیاوازە ژینگەییەکان، بەکلتووریکردن و جێکەوتنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی و پاراستنی ژینگەیە، بۆیە داوا لە تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین بە چاوێکی کراوە و هەستی وڵاتپارێزانە بەرگری لە ژینگەی خۆیان بکەن و ڕەچاوی بارودۆخ و مەترسییەکانی سەر ژینگە بکەن.