مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە لایەن نوێنەرانی دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز، شێوازی هەڵسوکەوت و ئازاردانی بەندکراوانی بەهایی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن دژبە بەهاییەکان بهێنن و زیندانیانی بەهایی ئازاد بکەن.
ئانتۆنی وانس، بەڕێوەبەری کاروباری بەهاییانی ئەمریکا وێڕای پێشوازی گەرمی خۆی لەو هەوڵەی کۆنگرەی ئەمریکا وتی:” لە مانگی نوامبردا مەئموورانی حکومەتی ئێران لانیکەم هەڵیانکوتاوەتە سەر ٢٠ ماڵ و دوکانی بەهاییەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکان لە ئێران و داوایان لێکردوون کە بەڵگەی ماڵ و دوکان و هەروەها کامپیۆتر و گووشییەکانیان ڕادەست کەنەوە.
هەروەها لە مانگی ئۆکتۆبردا بە بڕیاری دادستێنی مازندەران ماڵی ٢٧ بنەماڵەی بەهایی لە گوندی ئەیوول،ی، پارێزگای مازەندەران ڕووخێنران و بە گشتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا درووستکردنی بەڵگەی قەزایی بەدژی بەهاییانی دانیشتووی ئێران زیادی کردووە
شایانی باسە کە لە ئێرانی ژێردەسەلاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کەمینە ئاینییەکان لە هەموو بوارێکەوە دەچەوسێنەوە و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن.












