بێرلین، پاریس و لەندەن، بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە زیادکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی”ناوکی”یە لە هەمبەر هەنگاوە نوێیەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرنامەی ناوکی نیگەرانی خۆیان دەربڕی.
سێ وڵاتی ئورووپایی”بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان” ڕۆژی دووشەممە١٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ڕاگەیاندراوەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ دامەزراندنی سانتریفیوژی پێشکەوتوو و بەرهەمهێنان و پیتاندنی ئۆرانیۆم لە نەتەنز و جێبەجێکردنی گەڵاڵە پەسەندکراوە نوێیەکەی مەجلیسی ئێران، بۆ زیادکردنی چالاکییە ناوکییەکان دەربڕی.
لەدرێژەی ئەم بەیاننامە هاوبەشەی ئەو سێ وڵاتە ئورووپاییە کە بەشێکن لە ڕێککەوتنی”بەرجام” هاتووە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت درێژە بە وتووێژەکان بۆ بەرنامەی ناوکی بدات و بیهەوێت گەمارۆکان لە سەر وڵاتەکەی کەم بکاتەوە، نابێ درێژە بە بەربڵاوکردن و زیادکردنی چالاکییە ناوکییەکانی بدات و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لەو ڕێککەوتنە و جیاواز لەوەش بۆ خۆی بەرپرسیار دەبێ لە هەمبەر هەڵویستەکانی ئێمەدا.
شایانی باسە کە شۆرای نیگابانی ڕێژیمی ئێران، چەند ڕۆژ پێش یاسایەکی پەسەند کردووە کە ئەگەر وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا گەمارۆکان لە سەر ئێران لانەبەن ئەوە دەوڵەتی ئێران نابێ ئیزن بە لێکۆڵەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات کە لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بکەن و بە زووترین کات ئێرانیش دەبێ پیتاندنی ئۆرانیۆم گەشە پێبدا و زیادی بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە لایەکی دیکەوە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بۆ وڵامدانەوەی کوژرانی”موحسێن فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، گەڵاڵەیەکی پەسەند کردووە کە ئەگەر گەمارۆکان لە سەر ئێران لانەچێ ئەوە دەوڵەت دەبێ بە بێ گوێدان بە ڕێککەوتنی”بەرجام” پیتاندنی ئۆرانیۆم زیاد بکا و بۆ هەمیشە ڕێککەوتنی”بەرجام” کۆتایی بێ.