پێشمەرگەیەکی پێشووی ئازا و قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “کاک سابیر مەولان نیا “خەڵکی گوندی “گەوەلان”ی ناوچەی سەردەشت بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
سابیری مەولان نیا وەک لاوێکی دڵسۆز ونیشتمانپەروەر، بە هەست کردن بە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و بەگژ دژمنانی کورددا چۆوە. سابیر مەولان نیا بەهۆی دڵسۆزی و فیداکارییەوە هەر زوو جێی خۆی لەنێو دڵی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەکەدا کردەوە.
ناوبراو لە شەڕێکی قارەمانانەدا جارێک بە سەختی بریندار بوو، بەڵام دوای ساڕێژ بوونەوەی برینەکەی ئازایانەتر لەپێشوو درێژەی بەخەبات دا. بۆ هەموو ئەرک و مەئمووریەتێکی حیزبی ئامادە بوو و لە زۆر ناوچەی کوردستان مەئموریەتەکانی حیزبی بەجێ گەیاندوە.
سابیر لاوێکی چاونەترس و کوڕی ڕرۆژی تەنگانە و پێشمەرگەیەکی خاکی و خەڵکی بوو و لە زۆر شەڕی ناوچەی سەردەشتدا ئازایانە بەشداریکرد و جێ پەنجەی بە خەباتی گەلەکەمانەوە دیارە.
سابیری مەولان نیا دوای کۆچی دوایی باوکی، لەسەر ئیزنی حیزب بۆ دابینکردنی ژیانی بنەماڵەکەی گەڕایەوە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام بۆ ساتێکیش لە حیزب دانەبڕا و وەک ئەندامی حیزبی درێژەی بە ئەرکەکانی دا و کەسێکی جێی باوەڕ و متمانەی خەڵک بوو و لە هیچ ئەرک و مەئموریەتێکی حیزبی درێغی نەکرد و هیوا و ئاواتی ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەی بوو کە بەداخەوە ئەم ڕۆژەی بەچاوی خۆی نەدیت.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک سابیر و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.