فەرشاد مۆئمێنی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکاردا لە تاران وتی: ئابووریی ئێران لە لایەن مافیاکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
رۆژی ١٦ی سەرماوەز کە وەک ڕۆژی خوێندکار لە ئێران دیاریکراوە “فەرشاد مۆئمێنی” مامۆستای زانکۆی تاران لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو ڕۆژەدا وتی:” لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئێراندا چوار سەرۆککۆمار بە ڕوانگەی فەرهەنگی، کۆمەلایەتی و نێونەتەوەیی جیاوازمان ئەزموون کردووە بەڵام هەر چوار کەسەکە یەک جۆر سیاسەتیان گرتۆتە بەر بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، ئەزموون و کاردانەوەی سێ دەیەی ڕابردوو ئەوە بووە کە خەڵک و بە تایبەت چینی هەژار و کەمداهاتی کۆمەڵگە دۆڕاوی سەرەکیی کۆمەڵگەی ئێرانن و هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوەی سیستمی ئیدارەی وڵات لە لایەن هیچ کام لەو سەرۆک کۆمارگەلە نەبینراوە”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە ی بەوەش دەکا کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا هەلێکی تایبەتی بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم خولقاندووە ووایکردووە کە ئابووریی ئێران لە لایەن مافیاکانەوە زیاتر لە جاران دەستی بەسەردا بگیردرێ.