لە حاڵێكدا چاوەڕوان دەكرێ كە خانەنشین كران، كۆتایی سەردەمی چالاكیی تاكەكان لە بازاڕی كاردابێ، بهڵام ئامارەكان دەریان خستووە نزیكەی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لە ئێران كە تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە، بەتایبەت ئەوانەی كە لە بواری ئابوورییەوە لە دۆخێكی باشدا نین، جارێکی دی ڕوو لەم بازاڕە دەكەنەوە.
هەواڵدەریی مێهر لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوە دەكا كە لە هەر ١٠٠ كەس لە حەشیمەتی چالاكی ئابووریی لە بازاڕی كاری ئێران، نزیكەی ٦ كەسیان لە تەمەنی كار كردن لایان داوەو بەساڵاچوون، واتە ژمارهیهکی بەرچاو لە پیرانو بەساڵاچووان پاش ئەوەی كە دەگەنە قۆناغی خانەنشین كران، ئامادە نەبوون پشت لە بازاڕی كار بكەن.
بهپێی ئەم ڕاپۆرتە گرینگترین هۆكاری گەڕانەوەی ئەم حەشیمەتە لە خانەنشین كراوەكان بۆ بازاڕی كار ئەوەیە كە بارودۆخی خراپی ئابووریی، تێچووی زۆر و دابیننەكرانی پێداویستییەكانی ژیان ناچار بەم كارەیان دەكا.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی كار، نیوەی خانەنشین كراوەكان پەنا بۆ ئهو جۆره کارانه دەبەن كە بە شێوەی سەربەخۆ ڕادەپەڕێنو پێویستییان بە خاوەنكار نییە، وەك: شۆفیری تاكسیو فرۆشتنی خاروبار، ئەوانی دیكەش كە لە لایەن خاوەن كارەوە دایاندەمەزرێنن، شانسێكی باشیان بۆ دامەزراندن هەیە بە جۆرێك كە لە هەر 7 كەسی بەساڵاچوو كە داوای كار دەكەن، ٦ كەسیان دادەمەزرێن.
لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا، بازاڕی كاری ئەم وڵاتە مەیلێكی زۆری بۆ ڕاكێشانی كەسانی بەساڵاچوو هەیەو لە ڕاستیدا، دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی كەسانی بەتەمەنو خانەنشین كراو زۆر ئاسانتر لە ڕابردوویە.
ئەم ڕاپۆرتە کۆمهڵه هۆکارێکی وهک وەك بەئەزموون بوون، لێهاتووییو شارەزایی بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكان، كەم خەرج بوونی كەسانی بەتەمەن، نەبوونی پێویستیی بە بیمە، كا كردن بە مووچەی كەمتر، نەبوونی پێویستیی بە خەرجو تێچووی فێر كردن لەلایەن خاوەن كار و متمانەی زیاتر بەوان لەچاو لاوەكان، بۆتە هۆی ئەوەی كە لەجیاتی وەرگرتنی هێزی لاو بۆ بازاڕی كار، كەلك لە كەسانی بەتەمەن و خانەنشین وەربگرن.