عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەڵێ: زووتر لەوەیکە بیری لێدەکەنەوە تۆڵەی کوژرانی”فەخریزادە”تان لێدەکەینەوە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕۆژی دووشەممە١٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، گوتی: زووتر لەوەیکە ئیسرائیل بیری لێدەکاتەوە تۆڵەی کوژرانی”موحسێن فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشکیی ئێرانیان لێدەکەینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیسنا” ڕۆژی دووشەممە “عەلی ئەکبەر ویلایەتی” لە وتووێژێکدا گوتی: بەبێ هیچ گومانێک و زووتر لەوەیکە ئیسرائیل بیری لێدەکاتەوە تۆڵەی فەخریزادە دەکەینەوە و ئیزن نادەین دوژمنان و نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژێکی ئارامیان هەبێت و بە دڵنیایی و ئاسوودەیی درێژە بە کوشتنی بیرمەندان و کەسایەتییەکانی ئێران بدەن.
جێگای ئاماژەیە کە دوو ڕۆژ پێشتریش حەوتوونامەی “حیزبوڵڵا” کە سەر بە عەلی خامنەییە ڕایگەیاند کە تۆڵەکردنەوەی کوژرانی “فەخریزادە” کە بە باوکی بەرنامەی ناوکی ئێران ناسراوە تەنیا بە شێوەی هێرشی سەربازی نییە.
ئەم حەوتوونامەیە بە ئاماژە بە قسەکانی عەلی خامنەیی نووسیویە بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی “فەخریزادە” بە تەنیا هێرشی سەربازی ناکەینە سەریان بەڵکوو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە بواری سیاسی، ئابووری و زانستی، ڕووبەڕووی کێشە وگرفت دەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەینە سەریان.