جێگری یەکیەتیی فرۆشیارانی کەرەستەی ناوماڵ باسی لە بەرزبوونەوەی سەتا ٧٠ی ئەو کەرەستانە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “محەممەدحوسێن ئیسلامییان” لە وتوێژ لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیلنا” وتی کەرەستەی ناوماڵ لە بازاردا زۆرە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی سەتا ٧٠ی نرخی پێداویستیی ناوماڵ کڕیارێکی ئەوتۆیان نییە و کڕینی ئەو کەرەستانە بە بەراورد لە گەڵ ٨ مانگی پێشوو لە سەتا ٨٠ کەمی کردووە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە گرانبوونی کەرەستەی سەرەتایی بۆتە هۆی ئەوەیکە نرخەکان بۆ بەرهەمهێنەرانی کەرەستەی ناوماڵ لە ئێراندا بەوشێوەیە گران تەواو بێ.
شایانی باسە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئابووریی ئێران لەگەڵ تووندبوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بە شێوەیەک کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران پارەی پێداویستیی بژێوی ڕۆژانەیان نییەو جێی ئاماژەیە کە کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک برنج، گۆشت، ڕۆن، قەند و شەکر سەتا ٢٠ کەمیی کردووە، کە کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە تەنیا لە بیری دزی و گەندەڵی خۆیاندان و ئەو وڵاتەیان بە بەهای ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی دیکەدا وێران کردووە.