ڕەزا محەممەد حوسێنی” بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج، لە نامەیەکدا داوا دەکات و دەڵی؛ دەبێ هەموولایەک بە یەکگرتوویی داوای ئازادی ڕادەربڕین و دژ بە سزای سێدارە بوەستینەوە و چیدیکە ملکەچی زڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی نەبین.
هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاند، محەممەد حوسێنی لە بەشێک لە نامەکەیدا بەئاماژە بەوەیکە کەشی سیاسیی پێداویستییەکی دێموکراسییە و ڕێژیم بۆ هەر چالاکێکی سیاسی، هەتا ئەوانەشی کە مەزهەبی جیاوازیشیان لەگەڵ ئێمەدا هەیە سزای زاڵمانە پەسەند دەکات، گوتوویەتی؛ دەبێ هەموومان هاودڵ و هاودەنگ دژبە سەرکوتی بەرنامە بۆداڕێژراوی ئەو ڕێژیمە بوەستینەوە.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە، هیچ شتێک لە پێکەوە ژیان بە بەهاتر نییە و دەبێ بە هاودەنگی، ڕۆحی ئازادی پێشانی ئەو کەسانە بدەین کە وەکوو ئێمە نین و دەبێ بە هەوڵی تەواوی هەموولایەکمان ئازادی مسۆگەر بکەین.
ڕەزا محەممەد حوسێنی لەو نامەیەدا داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەکات کە دەبێ یەکگرتووانە و دەست لە نێو دەست بەرەنگاری سزای سێدارە ببینەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی؛ مەرجی مرۆڤ بوون ئەوەیە کە لە بازنەی “دیکتاتۆر” کایە نەکات، یانی ئەوەی ئەوان دەیانهەوێ با وانەبین.
ئەمڕۆ دەسەڵاتداران بێشەرمانە دەڵێن؛ هەرکەسێک پێبەندی مەرجەکانی ڕێژیمی ئێران نەبێت دەبێ لە ئێران بچێتە دەرەوە، بەڵام ئێمە دەبێ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئازادیخوازانەی خۆمان، ئەو دەسەڵاتدارانەی ڕێژیم لە گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکانیان ڕاگرین و نەهێڵین بگەن بەو ویستەی کە خۆیان دەیانهەوێ.