کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی “فەرزاد سەعدووزاده” تەمەن ٤١ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە کە هێزەکانی جێگیر لە پایەگای سنووری گوندی” کۆزەڕەش” لە مەودایەکی نزیکەوە و بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا “فەرزاد سەعدووزادە” کوژرا.
ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە بە ناچار کۆڵبەریی دەکرد .
جێی ئاماژەیە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە بەر نەبوونی کار لەو سنوورانە کۆڵبەری دەکەن کە ڕۆژانە دەکەونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و ساڵانە بە سەدان کەس لەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ئەو هێزانە گیانیان لە دەستدەدەن یان بریندار و کەم ئەندام دەبن.











